دەربارەی ئێمە

ئێمە کێین

دامەزراوەی روئیا بۆ کولتوری هاوچەرخ لە عێراق (روئیا) رێکخراوێکی ناحکومی و قازانج نەویستە کە لە ساڵی 2012 لەلایەن کۆمەڵێک ئارەزوومەندی هونەر و کولتوری عێراقەوە دامەزرا. ئامانجی ئەم دامەزراوەیە یارمەتیدان و دەوڵەمەندکردنی کولتورە لە عێراق و دروستکردنی پردی کولتورییە لەگەڵ جیهانی دەرەوەدا.

روئیا بە شێوەیەکی فەرمی لەلایەن کۆمیسیۆنی دامەزراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنیی عێراقی تۆمار کراوە (بە ژمارەی 1B75468).

ئامانج

ئامانجی سەرەکی دامەزراوەکە بەرەوپێشبردنی کولتورە لەنێو عێراقدا بە تایبەت لەم رەوشەی ئێستادا کە بواری دیکە بوونەتە جێگەی گرنگیپێدانی کۆمەڵگا. روئیا خوازیاری بونیادنانی سەکۆیەکە بۆ سوودگەیاندن بەو عێراقیانەی کە لە بواری هونەردا کاردەکەن بەتایبەت نەوەی نوێ و هاوکارییان بکات بۆئەوەی بتوانن بەشداری لە بۆنە و فستیڤاڵە نێودەوڵەتییەکاندا بکەن. لەپاڵ پشتیوانیکردن لە پرۆژە ناوخۆییەکان، ئامانجێکی دیکەی روئیا سازدانی ئەو جۆرە بۆنانەیە کە هونەرمەندانی سەر بە کولتورە جیاجیاکان بەشداری تێدابکەن بۆ ئەوەی یارمەتی بەرەوپێشبردنی کۆمەڵگەی مەدەنی عێراقی بدرێت. دامەزراوەکە پابەندبوونی خۆی بە ئافراندنی گفتوگۆ لەنێوان کولتورە جۆراوجۆرەکان لە رێی هونەرەوە رادەگەینێت.  

چالاکییەکان

روئیا بەرپرسیارییەتی ژووری نیشتمانیی عێراقی لە (56)ەمین فستیڤاڵی هونەری (ڤێنیس بیەنالێ)ی پێسپێردراوە کە لە مانگی مایسی 2015  بەڕێوەدەچێت. لەساڵی 2013دا، روئیا بەرپرسیارییەتی چالاکی (بەخێربێن بۆ عێراق)ی لە خوولی (55)ەمینی هەمان فستیڤاڵی لە ئەستۆدا بوو.

لەچوارچێوەی کار و ئەرکەکانیدا بۆ بەرەوپێشبردنی کولتور لە عێراقدا، روئیا داتابەیسێکی بەرفراوانی پێکەوەناوە لەو هونەرمەندانەی لە سەرجەم کایەکانی هونەرە بینراوەکان و شانۆ و مۆسیقا لەنێوعێراقدا کاردەکەن. ئێمە بەردەوام تێدەکۆشین بۆ ناساندنی ئەم هونەرمەندانە لەرێی سازدانی هەوڵێ هاوبەش لەگەڵ دامەزراوە جیهانییەکاندا. بۆ زانیاری زیاتر لەسەر ئەم هونەرمەندانە، تکایە پەیوەندیمان پێوە بکەن.

روئیا لەگەڵ کۆمەڵێک رێکخراوی کولتوری هاوکاری دەکات بۆ خوڵقاندنی دەرفەتی سازدانی پێشانگا و هەلی نیشتەجێبوون لە هەندێک لەو دەزگایانەدا. دامەزراوەکە هەروەها هەندێک فیلمی بەهاوبەشی لەگەڵ فیلمسازانی لاوی عێراقی بەرهەم هێناوە. پرۆژە هەنووکەیی و رابردووەکانمان  لەسەر ئەم ماڵپەڕەدا خراونەتەڕوو.

لەپاڵ هەموو ئەو هەوڵانەشدا، بلۆگی روئیا سەکۆیەکی زیندووە بۆ هۆنەری عێراقی. لە بلۆگەکەدا، بەبەردەوامی چاوپێکەوتن لەگەڵ هونەرمەندە ناسراو و نوێیەکان بڵاودەکرێتەوە، چ ئەوانەی لەنێو عێراقدان و چ ئەوانەی لەدەرەوەی وڵاتدا دەژین. ئامانج لەمەش هاندانی دیالۆگ و ئاڵوگۆڕی ئایدیا و رەخساندنی دەرفەتی هاوکارییە.

بۆ زانیاری زیاتر لەسەر چالاکی و هونەرمەندەکانمان یان بۆ ناردنی فایلی هونەری خۆتان، تکایە بەم رێگایانەی خوارەوە پەیوەندیمان پێوە بکەن.